ھیندستان یان کۆماری ھیند (بە ئینگلیزی: India؛ بە ھیندی: [भारत] ھەڵە: {{Transliteration}}: transliteration text not Latin script (pos 1: भ) (یارمەتی))[١٨] وڵاتێکە لە باشووری ئاسیا، دووەم پڕدانیشتووانترین وڵاتی جیھانە. حەوتەمین گەورەوڵاتی جیھانە لەڕووی ڕووبەرەوە و گەورەترین وڵاتی دیموکراسییە لە جیھان لەڕووی دانیشتووانەوە. لە باشوورەوە بە زەریای ھیندی لکاوە، ھەروەھا لە باشووری ڕۆژاوا بە دەریای عەرەبییە. ھیندستان لە ڕۆژاواوە ھاوسنوورە لەگەڵ پاکستان،[ج] ھەروەھا ھەریەکە لە چین، نیپاڵ و بوتان دەکەونە باکوور؛ بەنگلادیش و میانماریش دەکەونە ڕۆژھەڵات، ھەروەھا ھیند لە زەریای ھیندییەوە دراوسێی سریلانکا و ماڵدیڤە. لەپاڵ ئەوانەش سنووری ئاویی ھاوبەشی لەگەڵ تایلەند و ئیندەنووسیا ھەیە.

مرۆڤ نزیکەی ٥٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقاوە ھاتە نیمچەکیشوەری ھیندی.[١٩] مانەوەیان لەم ناوچەیە لە فۆرم و گرووپی جیاواز وای کرد ناوچەکە جیاواز دەرکەوێت، بەجۆرێک لەدوای ئەفریقا دووەم ناوچەیە کە زۆرترین ژمارەی جیاوازی جینی مرۆڤی لێ بێت.[٢٠] نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ژیان لە نیمچەکیشوەری ھیندی جێگیریی وەرگرت، لەم نێوانەدا دەرکەوتنی شارستانیی دۆڵی ئیندوس لە میلینیۆمی پێش زایینن ھەبوو.[٢١] لە ١٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین، زمانی سانسکریت بنچینەیەکی سەرەتایی دروست بوو، و دواتر لە باکووری ڕۆژاوای ھیندستان بڵاوبوویەوە.[٢٢] لە لایەکی دیکەوە زمانی ڕیجڤدا دەرکەوت کە بەکاردەھات بۆ تۆمارکردن و وێنەکردن لە ئایینی ھیندووئیزم لە ھیندستان.[٢٢] لە باکوور و ڕۆژاوای ھیند، زمانە دراڤیدییەکان چیتر نەمان.[٢٣] لە ٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین، سیستمی چینایەتی و پۆلێنکردن لە ئایینی ھیندووئیزم دەرکەوت،[٢٤] ھاوکات ھەریەکە لە ئایینەکانی بوودیزم و جاینیزم دەرکەوتن، کە ئەوان فەرمانە کۆمەڵایەتییەکانیان بەبێ گەڕانەوە بۆ پۆلین و بنەچەی کەسەکان دەسەپاند.[٢٥] ئیمپراتۆریەتیی ماوریا و ئیمپراتۆریەتیی گوپتا لەیەکەمین دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی ناوچەکە بوون،[٢٦] دواتر سەردەمی دەسەڵاتیان بە داھێنانەکانیانەوە کۆتایی ھات،[٢٧] لەپاڵ ئەوەش شکۆ و بوونی ژنیان نەھێشت لە کایەی سیاسەت،[٢٨] ھەروەھا سیستەمی پۆلێنکردن و چینایەتی ھیندووئیزم بەڕێکخراوییەوە خستە ناو بیرووباوەڕەکانی بەڕێوەبردن.[چ][٣٠] لە باشووری ھیند، شا و فەرمانڕەواکانی ناوەڕاستی ھیند ھەستان بە ھاوردەکردنی کەلتووری دین و زمانی دراڤیدییەکان بۆ شانشینەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ھیندستان.[٣١]

لە سەدەکانی ناوین، ھەریەکە لە ئایینەکانی مەسیحی، ئیسلام و زەردەشتی گەیشتنە باشوور و ڕۆژاوای ھیندستان.[٣٢] دواتر سوپای موسڵمانەکان لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بەرەو باکووری ھیندستان بەپچڕ پچڕ ھەنگاویان نا،[٣٣] لە ئەنجامدا شانشینی دەلھی دامەزرا، بەمەش باکووری ھیندستان بوو بە بەشێک لە شارستانییەتی ئیسلامی لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام.[٣٤] لە سەدەی پازدەیەم، ئیمپراتۆرییەتی ڤیجایاناگارا لە باشووری ھیندستان دامەزرا کە ڕێبەرایەتی لە کولتووری ھیندوو دەکرد.[٣٥] لە ناوچەی پەنجابیش، ئەوا سیکییەکان سەریان ھەڵدا.[٣٦] لە ساڵی ١٥٢٦، دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی مەغۆل ھات و دوو سەدەی ئاشتی بۆ وڵاتەکە ھێنا،[٣٧] لەدوای خۆشییەوە کۆمەڵێک تەلار و کۆشکی گرانبەھای جێھێشت.[ح][٣٨] دوا بەدوای ئەوەش، دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی لە ھیندستان پەرەی سەند لەڕێی ھاتنە پێشەوەی دەسەڵاتی کۆمپانی بەریتانی لە ھیند، بەمەش ھیندستان بووە وڵاتێکی ئابووری کۆلۆنی بەڵام بە لەدەستدانی سەروەرییەکەی.[٣٩] دواتر شێوازی دەسەڵاتەکە بوو بە دەسەڵاتی شاھانەی بەریتانیا ناسراو بە بریتش ڕاج، ئەمەش لە ساڵی ١٨٥٨ دەستی پێکرد. بەڵێنی ئینگلیزەکان بۆ پێدانی ماف بە ھیندییەکان بەھێواشی جێبەجێ دەکرا،[٤٠] لەپاڵ ئەوەش گۆڕانکاری دروست بوو لەڕووی پیشەسازی و شێوازی ژیان، خوێندن و خزمەتگوزارییەکان.[٤١] لەو دەمەدا، بیر و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆیی لەنێو ھیندییەکان دروست بوو، لە ئەنجامی دروستکردنی ناڕەزایی ھێمن و ئاشتیانە تێبینی ئەوە کرا بەرە بەرە دەسەڵاتی شاھانەی بەریتانی لە وڵاتەکە لاواز بوو.[٤٢] لە ساڵی ١٩٤٧، ئینگلیز ھیندستانی دابەشی دوو وڵاتی سەربەخۆ کرد، بەشێکی زۆرە ھیندوو خستەوە سەر ھیندستان، بەشەکەی دیکەش کە زۆرینەی موسڵمان بوون کردی بە وڵاتێکی نوێ لە ژێر ناوی پاکستان، لە ئەنجامی ئەم ڕاگواستنە نەزانراوە ئەوا خەڵکێکی زۆر ژیانیان لەدەست دا.[٤٣][٤٤]

ھیند لەوەتەی ساڵی ١٩٥٠ بووەتە وڵاتێکی کۆماری سێکولار، بە سیستمی پەرلەمانیی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت. وڵاتێکی ھەمەچەشنی سیاسییە، ھەمەجۆر لە زمان و پێکھاتە نەتەوەیییە جیاوازەکان. ژمارەی دانیشتووانی ھیند لە ٣٦١ ملیۆن کەس لە ساڵی ١٩٥٠ گەشەی کرد بۆ ١٫٢١١ ملیار کەس لە ساڵی ٢٠١١.[٤٥] لە ھەمان کاتدا، داھاتی تاک لە ساڵێک لە ٦٤ دۆلاری ئەمریکی بەرزبوویەوە بۆ ١٬٤٩٨ دۆلاری ئەمریکی، ھەروەھا ڕێژەی خوێندەواری لە ١٦٫٦٪ بەرزبوویەوە بۆ ٧٤٪. ھیند لە وڵاتێکی نەبوونەوە لە ساڵی ١٩٥١ دەستی پێکرد،[٤٦] ئەمڕۆ بووەتە وڵاتێکی ئابووریی خێرا گەشەسەندوو بەتایبەتیش لە بوار و خزمەتگوزارییە تەکنۆلۆژییەکان، ھاوکات لەگەڵ گەشەسەندی چینی ناوەڕاست لە وڵاتەکە.[٤٧] ھیندستان پڕۆگرامی بۆشاییی ئاسمانیی ھەیە، ھەروەھا لەڕێی فیلم، گۆرانی ھەروەھا گوتنەوەی وانەی ڕۆحانی و یۆگا توانیویانە کولتووری خۆیان بە جیھان ئاشنا بکەن.[٤٨] ھیندستان بەشێوەی بەرچاو توانیویەتی ڕێژەی ھەژاری لە وڵاتەکەی کەم بکاتەوە، ھەرچەندە لەژێر سیستمێکی نایەکسانیی ئابووریدا دەژی.[٤٩] ھیندستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و ھەروەھا لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەھێزترین سوپاکانی جیھان دەبیندرێت. ھیند کێشەی ھەیە لەگەڵ دراوسێیەکانی (پاکستان و چین) لەسەر خاکی کەشمیر، ئەم کێشەیە لەوەتەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم چارەسەر نەکراوە.[٥٠] لەنێو ئالنگارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ھیند کێشەی نایەکسانیی جێندەری، بەدخۆراکی منداڵان،[٥١] و پیسبوونی ئاووھەوای ھەیە.[٥٢] ھیند زەوییەکی ھەمەچەشنی ھەیە، کە لە چوار جۆر پێکھاتە پێکھاتووە، تێیدا ٢١٫٤٪ لەو ڕێژەیە ھی دارستانەکانییەتی. ژیانی جەنگڵی ھیندی کە زۆربەی کات ھاوتەریب کراوە لەگەڵ کولتووری ھیندی، ئەوا بەشێک لەو دارستانانە پێکدێنێت.[٥٣]

وشەڕەتناسی

بەپێی فەرھەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد (چاپی سێیەمی ٢٠٠٩) وشەی ھیندستان/ئیندیا لە وشەیەکی کلاسیکی لاتینی «ئیندیا» ھاتووە، کە بۆ ناوھێنانی باشووری ئاسیا و ئەو ناوچەیە بەدیارینەکراوی بەرەو ڕۆژھەڵات ھاتتووە؛ دواتریش وشەکە بەجۆراوجۆری بەکارھاتووەتەوە لەوانە ئیندیا (Ἰνδία) لە زمانی گریکی کوەینە، ئیندوس (Ἰνδός) لە زمانی ئیغریقی، ھیندوش (Hindūš) لە زمانی فارسیی کۆن، کە ئاماژەیەکە بۆ ھەرێمی ڕۆژھەڵات لە ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی.[٥٤][٥٥] لە زمانی گریکی کۆندا، ئیندۆی وەک ناوھێنانی خەڵکی ئیندوس بەکارھاتووە.[٥٦]

دەستەواژەی بھارەت (Bhārat)، لە داستانی شیعری ھیندی و دەستووری وڵاتی ھیند بەکارھاتووە،[٥٧][٥٨] ئەم ناوە بەپێی زمانە جیاوازەکانی ھیندستان بەشێوازی جیاواز ھاتووە، یەکێک لەوانەش بھارەتاڤارشایە کە ئاماژەیە بۆ ناوچەی دۆڵی گەنگ.[٥٩][٦٠] ناوی بھارەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا بەکارھێنانی زۆرتر بوو بۆ ناوھێنانی وڵاتەکە (ھیندستان) لە ئاستی ناوخۆییدا.[٥٧][٦١]

ھیندوستان ناوێکی زمانی پاڵەوییە بۆ ھیندستان، کە ھەر لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆلی ھیند بەشێوەی فراوان بەکارھاتووە. ھیندوستان ئاماژەی بۆ ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە باکووری ھیندستانی ئەمڕۆ لەگەڵ پاکستان، یانیش بەنزیکی تەواوی ھیندستان لە خۆ دەگرێت.[٥٧][٦١][٦٢]

مێژوو

مێژووی دێرین

وێنەیەک کە مانوسکریپتێکی سانسکریتی سەرەتاکانی ھاوچەرخی داستانی ڕامایانا پشاندەدات، کە سەرنجی خستووەتە سەر جلووبەرگەکان. دەورووبەری ٤٠٠–٣٠٠ ساڵ پێش زایین.[٦٤]

نزیکەی ٥٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر، یەکەم مرۆڤی ھاوچەرخ یان ھۆمۆ ساپینس لە ئەفریقاوە گەیشتە نیمچەکیشوەری ھیندی.[٦٥][٦٦][٦٧] نەوەی سەرەتایی لە مرۆڤی ھاوچەرخ تاکوو ٣٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر لە باشووری ئاسیا ماونەتەوە.[٦٨] بەڵگەکان لەسەر مانەوەی مرۆڤ لە ناوچەکە بۆ دوای ٦٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە، بەڵگەکان ھەریەکە لە کشتووکاڵکردن، چاندن و بەخوێکردنی ئاژەڵ و زەخیرەکردن لە خۆدەگرن، دۆزینەوەی ئەم بەڵگانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی مێھرگارە کە لە ئێستادا دەکەوێتە بەلۆچستان، پاکستان.[٦٩] ھەموو ئەمانەش بۆ شارستانی دۆڵی سیند دەگەڕێتەوە، کە یەکەم چاندی ژیانی مرۆڤ بووە لە شاردا و لەناوچەی باشووری ئاسیا.[٧٠][٧١] کە ماوەی ٢٥٠٠ بۆ ١٩٠٠ ساڵ بەر لەزایین دەگرێتەوە، ئەم ناوچەیەش لە ئێستادا دەکەوێتە پاکستان و بەشی ڕۆژاوای ھیندستان.[٧٢] لەم ناوچەیە چەندین شار و شوێنەواری لێبووە لەوانە مۆھینجۆ دارۆ، ھارپا، دۆلاڤیرا و کالیبانگان.[٧٣]

لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵ پێش زایین، زۆربەی ناوچەکە لە قۆناغی سەردەمی مسەوە ڕاگواسترایەوە بۆ سەردەمی ئاسن.[٧٤] ڤێداکان بەکۆنترین دەقی پەیوەندیدار بە ھیندووئیزم دادەنرێت،[٧٥] کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.[٧٦] زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن کە لەو سەردەمە چەند شەپۆڵێکی کۆچکردنی ئیندۆ-ئاریانی لە باکووری ڕۆژاواوە ڕووی کردووەتە نیمچەکیشوەرەکە.[٧٥] سیستمی تائیفی ھەر لەو سەردەمە دروست بوو، کە تێیدا لە شێوەی ھەڕەمی پیاوی ئایینی، جەنگاوەر و جووتیار ئازادی لەخۆگرتبوو، بەبێ ھەژمارکردنی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کە بەھۆی ناپاکی و تاوانەکانیانەوە دوورخرابوونەوە.[٧٧] بەپێی شوێنەوارە بەردییەکانی ھیند، ئەوا بەڵگەی ئەوە بەدەست ھاتوون کە لەو سەردەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێکخستنی سیاسیی بوونی ھەبووە.[٧٤]

لە کۆتایییەکانی سەردەمی ڤێداکەکان، واتە لە دەورووبەری ٦ سەدە بەر لەزایین، ویلایەت و دەسەڵاتی بچووک لە دەوری ڕووباری گەنگ دروست بوون لە بەشی باکووری ڕۆژاوای

نەخشەی ئیمپراتۆری ئەشۆکا، دەورووبەری ٢٥٠ ساڵ پێش زایین.
نەخشەی ھیندستان، دەورووبەری ٣٥٠ ساڵ پێش زایین.
ئەشکەوتی ئەجانتا، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەدە پێش زایین.

ھیندستان، ژمارەی ئەو کۆمەڵانە لە ١٦ کۆمەڵە خۆیان دەبینییەوە و پێشیان دەگوترا مەھاجاناپاداس.[٧٨][٧٩] لەگەڵ بە شارستانیی بوونی ناوچەکە، دوو ئایینی دیکە دوور لە ڤێداکییەکان دروست بوون و بوون بە ئایینی سەربەخۆ ئەوانیش جاینیزم[٨٠] و بوودیزم بوون. بوودیزم لەسەر وانە و پەندەکانی گاوتاما بوودا دروست بوو، ئەم ئایینە سەرنجی خەڵکی لە ھەموو چین و ئاستەکان ڕاکێشا، ماوەی ژیانی بوودا بووە سەرەتای نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژوو لە ھیندستان.[٨١][٨٢][٨٣] لە سەدەی سێیەمی پێش زایین، ئیمپراتۆری ماوریان دروست بوو،[٨٤] ئەم ئیمپراتۆرییەتە ژمارەی ویلایەتەکانی کەم کردەوە لەپێناو گرتنە دەسەڵاتی باشتر. ماوریان دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ھیند ھەبوو، جگە لە چەند ناوچەیەک لە قووڵایی باشوور.[٨٥][٨٦] پاشاکانی ماوریان بەوە ناسراوبوون بە دروستکردن یان بەڕێوەبردنی سیستمی ژیانی خەڵک. ئاشۆکا یەکێک بوو لە پاشاکانی ماوریان کە ئایینی بوودیزیمی بەناو ھیندا زیاتر بڵاوکردەوە.[٨٧][٨٨]

بەگوێرەی ئەدەبیاتی سەنگام، زمانی تامیلی لە نێوان ٢٠٠ ساڵ پێش زایین بۆ ساڵی ٢٠٠ی زایین دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمانە ئەوا باشوور لەلایەن دەسەڵاتدارەکانی چێراس، چۆلاس و پاندیاس بەڕێوەبراوە و بەچڕیش لە پەیوەندی بازرگانیدا بوون لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمانی، ھەروەھا بەشی ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا.[٨٩][٩٠] لە باکووری ھیندستان، ھیندووئیزم دەسەڵاتی نێرینە و پیاوسالاری فراوانترکرد، کە بووە ھۆی ژێردەستەیی بوونی ژنان.[٩١] لە سەدەی چوارەم و پێنجەمینی زایین، ئیمپراتۆری گوپتە کە دەسەڵاتی لە دەورووبەری ڕووباری گەنج بوو، سیستمێکی گەورەی دروست کرد بۆ بەڕێوەبردن و باج؛ ئەم سیستمە دواتر بووە نموونە یان مۆدێلێک بۆ شانشینەکانی ھیندستان.[٩٢][٩٣] لەژێر دەسەڵاتی گوپتەدا، سەردەمێکی نوێی ھیندووئیزم لەسەر بنەمای دڵسۆزیی بوون دروست بوو.[٩٤] ئەم گۆڕانکارییەش لەسەر پەیکەرەکان و تەلارسازیی ئەو ماوەیە ڕەنگی دایەوە.[٩٥]